لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەستێرەی لاوی بەڕازیلی (ڕۆبینهۆ) باس لەو هۆكارانە دەكات، كە وایان لێ كرد هەردوو یانەی “ڕیال مەدرید”ـی ئیسپانیایی و “مانچستەر سیتی” ئینگلیزی جێ بهێڵێت و ڕوونی دەكاتەوە كە بە شێوەیەكی گشتی مامەڵەی ڕاهێنەران لەگەڵیدا هۆكاری سەرەكی بووە لە جێهێشتنی ئەو دوو یانەیەدا
(مانچینی) هیچ متمانەیەكی پێم نەبوو
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ گۆڤاری”سپۆر گازێتا”ـی بەرازیلیدا (ڕۆبینهۆ)ـی یاریزانی تۆپی پێی بەڕازیلی دەڵێت (ڕۆبێرتۆ مانچینی) لە بواری مەشق و ڕاهێناندا كەسێكی كارامە و لێزان نییە، چونكە توانای هەڵسەنگاندنی یاریزانەكانی نییە و نازانێت لە چ كاتێكدا گۆڕانكارییەكان ئەنجام بدات.
ئەوەیش دەڵێت كە هۆكاری سەرەكی كە وای لەو كرد ڕیزەكانی یانەی “مان سیتی” بەجێ بهێڵێت ئەوەبوو، كە (مانچینی) هیچ متمانەیەكی پێ نەبووە و دەڵێت” لە هەر ساتێكدا و لە كاتی یاریكردندا دەمگوت ئێستا ڕاهێنەر دەمگۆڕێت.” هەر بۆیە هەمیشە بە نیگەرانیی و دوودڵییەوە یاریم دەكرد، ئەوەیش كاریگەریی زۆری لەسەر ئاستی یاریكردنمدا هەبوو.”
هەروەها دەڵێت: “(مانچینی) هەوڵی شكاندنی منی دەدا و لە كەسایەتی و پێگەمی كەم دەكردەوە، بۆ نموونە لە دوایاریمدا لەگەڵ “مان سیتی” كە بەرانبەر ئیڤەرتۆن بوو، وەكو یەدەگ بەشداریم كرد، بەڵام دوای كەمێك یەكسەر ڕاهێنەر منی گۆڕی و داینیشاندم، ئەوەیش یەكەمین حاڵەتە كە بەسەرمدا هاتبێت، وەكو یەدەگ یاریی بكەم و پاش كەمێكیش یەكسەر بگۆڕدرێم.”
ڕۆبینهۆ باسی ئەوەیش دەكات كە پاش یارییەكە داوای لە (مانچینی) كردووە كە هۆكاری ئەو ڕەفتارەی بۆ ڕوون بكاتەوە، ئەویش لە وەڵامدا پێ گوتووە: “دیارە شایانی ئەوە بوویت”. ڕۆبینهۆ گوتیشی: “ئیتر منیش دەمودەست بڕیاری جێهێشتنی ئەو یانەیەم دا. چونكە دەمزانی مانەوەم لە جێگەیەكدا كە متمانەی پێم نەبێت وای دەكرد كە منیش متمانە بە خۆم لە دەست بدەم و دواجاریش پێگەم لە هەڵبژاردەی وڵاتەكەمدا لەنگ دەبوو.”
هەرگیز بۆ ئیسپانیا ناگەڕێمەوە
دەربارەی گەڕانەوەیشی بۆ ئیسپانیا (ڕۆبینهۆ) دەڵێت: “لێرە لە وڵاتەكەی خۆمدا زۆر خۆشحاڵم هەر بۆیە مەحاڵە جارێكی دیكە بۆ ئیسپانیا یان ئینگلتەرا بگەڕێمەوە.” هەر لەو بارەیشەوە دەڵێت: “ئەزموونی ڕیال مەدرید بۆ من خەزێنەیەكی دەوڵەمەندە، بەڵام هەرگیز ئەو هۆكارانەیشم بیر ناچێتەوە، كە وایان كرد مەدرید جێ بهێڵم.”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ئەو یاریزانە ڕەخنە لە ژووری خۆگڕینی یانەی شاهانە دەگرێت و دەڵێت: “لەوێ بەرلەوەی كە یاریزانێكی باش و ئاستبەرز بیت، دەبێت سەرەتا دیپلۆماسییەكی باش بزانیت و بزانیت چۆن دڵی ڕاهێنەران و دەستەی كارگێڕی لە خۆت ڕازیی دەكەیت بۆ ئەوەی بە شێوەی سەرەكی یاری بكەیت.”
ئێستا (ڕۆبینهۆ) بە شێوەی خواستن لە یانەی “سانتۆس”ـی بەڕازیلیدا یاری دەكات و لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە و تا ئێستا لە 6 یاریدا 5 گۆڵی تۆمار كردووە.
س.ڕۆژنامه ی هه ولێر